ئەکسیۆس: ترەمپ تەنیا ماوەتەوە
بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی و کەسایەتییە دیارەکانی پارتی کۆماری لە دانیشتنە تایبەتەکانیاندا دان بەوەدا دەنێن، کە بە تەواوی دەستبەرداری هەوڵەکانیان بوون بۆ رازیکردن یان پاشگەزکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بڕیارەکانی. راوێژکارێکی دێرینی سەرۆک ، لەوبارەیەوە دەڵێت: بۆچی خۆمان ماندوو بکەین؟ ئەو سەرۆکە و چی بوێت دەبێت.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە نزیکەی 10 ساڵە کۆمارییەکان مل بۆ هەموو داواکاری و بیرۆکەکانی ترەمپ دەدەن و خۆیان بەوە هێور دەکردەوە کە هەستی سیاسیی ئەو لە هی هەمووان زیرەکانەترە؛ بەڵام ئێستا نەک هەر متمانەیان بەو پێشبینییانە نەماوە، بەڵکو بەرپەرچدانەوەی خواستەکانیشی بە هەوڵێکی تەواو بێسوود دەزانن.
بەپێی زانیارییەکان، یاریدەدەران و کەسە نزیکەکانی ترەمپ لە کۆشکی سپی ئەوەندە شەکەت بوون، ئیتر بێ دەنگەدەنگ و بێ رێگری مل بۆ هەموو حەز و ئارەزووە کتوپڕەکانی دەدەن؛ جا ئەو بڕیارە هەڵگیرساندنی شەڕێک بێت بەبێ ئەوەی ئاسۆ و کۆتاییەکەی دیار بێت، یان بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کارتۆنی بێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ترەمپ بە جلی وەرزشیی و دارێکی هۆکییەوە لەسەر سەری ماڕک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کەوتووە و پێی دەڵێت «هەستە».
تەنانەت کاتێک ترەمپ دەیەوێت لە کاتی نزمترین ئاستی جەماوەریبوونیدا خۆی ببێتە روخساری سەرەکیی ریکلامەکانی هەڵبژاردن، یاخود پرۆسەی هەڵبژاردنە بەراییەکان بکاتە راپرسییەک لەسەر کەسایەتیی خۆی و کاتێکی زۆریش بە خەیاڵی زێڕینکردن و مەڕمەڕکردنی هۆڵەکانی کۆشکی سپییەوە بەسەرببات، لەلایەن تیمەکەیەوە وەک "سیزاری ئۆگەستسی نوێ"مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بە فەرمانتە پێشوازی لە بیرۆکەکانی دەکرێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەر ئەمەش وایکرد سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەربژێرە لەرزۆکەکان، رۆژی چوارشەممە لە شاری دالاس لە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ بە فەرمانی ئەو، یەکەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە دەست پێبکات و ترەمپیش بڕیار بدات هەردوو شەوەکەی وتار پێشکەش بکات.
یەکێک لە بەخشەرە داراییەکانی پارتەکە کە ئەم دواییانە چاوی بە ترەمپ کەوتووە، دۆخەکە بەوە کورت دەکاتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا "پیاوێکی تەمەن 80 ساڵەیە و کارەکان بە خواستی خۆی دەکات، چی بوێت بەدەستی دەهێنێت". لە کاتێکدا سەرچاوەکانی ناو کۆشکی سپی باس لەوە دەکەن سیستەمێک بۆ بڕیاردان هەیە و ترەمپ بەپێی هەموو هەڵچوونێک ناجوڵێتەوە، بەڵام هاوکات نەیانتوانیوە یەک نموونەش بخەنەڕوو کە تێیدا ترەمپ بەرپەرچی هەڵچوونێکی خۆی دابێتەوە.
لە پەراوێزی ئەم دۆخەدا، نیگەرانییەکان لە نێو کۆمارییەکان لە ترسی لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا لە لووتکەدایە. جیا لەوەی لە دوای 56 رۆژی دیکەوە ترەمپ بە فەرمی دەچێتە قۆناخی بێدەسەڵاتیی کۆتایی خولەکەی و لە 4ی تشرینی دووەمیشەوە چاوەکان دەچنە سەر کێبڕکێی 2028 و دەرکەوتنی سەرکردە بەهێزەکانی دیموکراتەکان، بەڵام بەرەی ترەمپ ئەمە رەتدەکەنەوە.
راوێژکارێکی باڵای سەرۆک لە دالاسەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بە کەم سەیری ترەمپ بکەن تووشی هەڵەیەکی کوشندە دەبن؛ ئەو هێزێکی بێوێنەی لەناو پارتەکەدا و لە کایەی کولتووری و سیاسیدا هەیە و هەر کەسێک پێی وابێت دەکشێتە تاریکییەوە یان گەمژەیە یاخود هیچ لە سیاسەت تێناگات".
بەپێی خوێندنەوەی بازنەی دەسەڵات، چارەنووسی یاریدەدەرەکانی ترەمپ بە تەواوی بەستراوەتەوە بە خۆیەوە؛ ئەوان پێیان وایە لەگەڵ ترەمپ ژیاون و دەبێت هەر لەگەڵ ئەویشدا کۆتاییان بێت، چونکە تەنانەت دوای تەواوبوونی ئەم خولەشی، هەر وەک کارەکتەری باڵادەستی گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا دەمێنێتەوە.