هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پێشوازی لە بڕیاری قەدەخەکردنی کاڵای جوونشینەکان دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پێشوازییان لە بڕیارەکەی بەریتانیا کرد بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی کاڵای جوونشینەکان لە خاکی فەلەستین، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینە بە پایتەختبوونی قودسی رۆژهەڵات.
چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، تورکیا، میسر، ئیندۆنیزیا، ئوردن، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات، پێشوازیی خۆیان لە بڕیارەکەی بەریتانیا دەربڕیوە بۆ قەدەخەکردنی کاڵای جوونشینەکان لە کەناری رۆژئاوا و سنووردارکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن پێیانەوە.
هەروەها هیوایان خواستووە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گرتنەبەری هەنگاوی هاوشێوە و لێپرسینەوە لەو رێکخراو و کەسانەی بەشدارن لە چالاکییە نایاساییەکانی نیشتەجێکردندا.
هاوکات وەزیرەکان پێشوازییان لە راگەیەندراوی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، فەڕەنسا، ئایسلەندا، ئێرلەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پۆرتوگال، ئیسپانیا، سوید و بەریتانیا کردووە لەبارەی "چارەسەری دوو دەوڵەت" و نیازیان بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی بازرگانی لەسەر ئاستی نیشتمانی یان ئەورووپی بۆ سەر کاڵای نیشتەجێیە نایاساییەکان. داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەنگاوی کرداری بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو چالاکییانەی پشتیوانی لە جوونشینەکان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوانە هاوتەریبن لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری ژمارە 2334ی ساڵی 2016ی ئەنجوومەنی ئاسایش و راوێژی یاسایی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە 19ی تەممووزی 2024، کە دەوڵەتان پابەند دەکات دان بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکارییەکانی ئیسرائیلدا نەنێن و هیچ هاوکارییەک بۆ بەردەوامبوونی ئەو دۆخە پێشکەش نەکەن. هەروەها داوایان لە ئیسرائیل کردووە سەرجەم ئەو رێکارانە هەڵبوەشێنێتەوە کە دەبنە هۆی گۆڕینی سیمای جوگرافی و دیمۆگرافیی خاکی فەلەستین.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو هەشت وڵاتە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کەرتی غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین و داوای جێبەجێکردنی دەستبەجێ و تەواوەتیی "پلانی گشتگیری سەرۆک ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە" دەکەن، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش، چارەسەری بارودۆخی مرۆیی، ئاوەدانکردنەوە و داڕشتنی بنەمای ئاشتییەکی بەردەوام.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە کە تاکە رێگەی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتە لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و یەکپارچەی فەلەستین لەسەر سنوورەکانی 4ی حوزەیرانی 1967، بە شێوەیەک کە قودسی رۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.