هەرێم و عێراق پرسی پشکی بودجە، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و قەرزە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کرد
شاندی باڵای دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدڕاڵ ئەنجامدا بە مەبەستی جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027؛ لە دیدارەکاندا جەخت لە رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ و دابینکردنی عەدالەت لە شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران کرایەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، شاندی باڵای دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناخی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییی فیدڕاڵ
لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە خستەڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و روون بۆ رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت.
لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداری شاندی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لە رۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ
دواتر، شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار.
هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.
لە بەرامبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. هەردوو لاش لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا ڕێککەوتن.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ
لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.
ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
شاندی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.
لە بەرامبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت
لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاری دارایی و ئابووری نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرامبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.