ئێران، چین و رووسیا: هەوڵی رۆژئاوا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سناپباک هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە
ئێران، چین و رووسیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، روانگەی سیاسیی وڵاتانی رۆژئاوایان بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بە توندی شەرمەزار کرد و بە بێبنەما ناویان برد، هاوکات هەوڵەکانی رۆژئاوایان بۆ کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی زانی.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئێران، چین و رووسیا هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پەنابردنە بەر میکانیزمی سناپباک بەتاڵە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، چونکە سەرجەم بڕگەکانی بڕیارنامەی ژمارە 2231 لە تشرینی یەکەمی 2025 کۆتایییان پێهاتووە.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسدان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەو دۆخە ئەمنییەی دروست بووە، جێبەجێکردنی ئاسایی چاودێرییەکانی ئاژانسی بە شێوەیەکی کرداری مەحاڵ کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەپێچەوانەی بانگەشەکانی رۆژئاوا، ئێران سەرەڕای گوشارە ئەمنییەکان لەسەر هاوکارییە بنیاتنەرەکانی لەگەڵ ئاژانس بەردەوامە، و داڕشتنی رەشنووسی بڕیارنامە نوێیەکەش تەنیا هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان و تێکدانی ئەو هاوکارییە تەکنیکییانەی لە ئارادان.