ئاژانسی ئەتۆم دوای 20 ساڵ دۆسیەی ئێران رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات
ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 20 ساڵدا بڕیاری دا دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەهۆی پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا تاران بڕیارەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و بە دەستپێشخەرییەکی شکستخواردوو ناوی برد.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2029، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە داخراوەکەی ڤیێنا، ئەو رەشنووسەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە پێشکەش کرابوو، بە دەنگی 23 دەوڵەتی ئەندام پەسەند کرا، لە کاتێکدا سێ وڵات رووسیا، چین و نەیجەر دژی دەنگیان دا و هەشت دەوڵەتیش لە دەنگدان بێلایەن بوون.
لە دەقی بڕیارنامەکەدا داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە کراوە، راپۆرتێک سەبارەت بەم بڕیارە و بڕیارەکانی پێشوو ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی ئاژانسەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
لە بەرامبەردا، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڕیارەکەی ئیدانە کرد و رایگەیاند: لایەنە بەرامبەرەکان سەرەتا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە چاودێریکراوەکانی ئێران و ڕەوتی ئاسایی پشکنین و پشتڕاستکردنەوەکان تێکدەدەن، پاشان هەر ئەو ئاستەنگی و تێکچوونانە دەقۆزنەوە و دەیکەنە بیانوویەک بۆ دەرکردنی بڕیارنامە و دروستکردنی گوشار لەسەر تاران لە ناو ئەنجوومەنی ئاژانسدا.
غەریبئابادی جەختیشی کردەوە، ئەو وڵاتانە بە دروستکردنی ئەم کەشوهەوایە و بە گوشارە دیپلۆماسی و میدیاییەکانیان، ناتوانن شکستی سیاسەتە هەڵەکانیان قەرەبوو بکەنەوە و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشدا هیچ دەستکەوتێکیان نابێت؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تاران رۆژی دووشەممەش هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر بڕیارنامەکە پەسەند بکرێت، وەڵامی دەبێت.
هەروەها ئێران، چین و رووسیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، روانگەی سیاسیی وڵاتانی رۆژئاوایان بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بە توندی شەرمەزار کرد و بە بێبنەما ناویان برد، هاوکات هەوڵەکانی رۆژئاوایان بۆ کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی زانی.
ئەم بڕیارە بەدواداچوونێکە بۆ بڕیارنامەیەکی پێشووتر کە لە 12ـی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا پەسەند کرابوو؛ رۆژێک پێش ئەوەی ئیسرائیل دەست بکات بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پاش ماوەیەکی کورتیش ئەمریکا بەشداری لەو هێرشانەدا کردبوو. لە بڕیارەکەی پێشوودا ئاماژە بە پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی کرابوو، بەڵام رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش پێویستی بە دەرکردنی ئەم بڕیارە نوێیە هەبوو.
هەرچەندە پێشبینی ناکرێت ئەنجوومەنی ئاسایش رێکاری کرداریی بەرچاو دژی ئێران بگرێتەبەر بەهۆی ئەوەی رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان هەیە، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاستی گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بەرز دەکاتەوە.
دەرەنجامی پابەندنەبوونی تاران دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و پەیوەستە بە رووننەکردنەوەی هۆکاری بوونی شوێنەواری یۆرانیۆم لە چەند پێگەیەکی رانەگەیەندراو کە ئاژانس چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی لەسەر کردبوون، هاوکات ئێستاش قەیرانێکی دیکە دروست بووە سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەو پێگانەی لەلایەن ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراون.