ئێران لە هێرشی سەر کەشتییە ئەمریکییەکان مووشەکی نوێی بەکارهێناوە
نیویۆرک پۆست لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار لە هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز، مووشەکێکی ئەلیکترۆنی بەکارهێناوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە گواستییەوە، هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران شەپۆلێک مووشەکی بالیستی ئاراستەی 10 کەشتیی ئەمریکی لە گەرووی هورمز کردووە و بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکاشی لە ئوردن کردووەتە ئامانج. هێرشەکە لە وەڵامی ئەو چالاکییانەی ئەمریکادا بووە کە پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک دوورگەی خارگ تێکشکاندووە.
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پێدەچێت ئەو مووشەکانە بە ئامێری هەستەوەری بینایی و کامێرا تەیار کرابن، کە رێگەیان پێدەدات ئامانجەکان بە وردییەکی زۆر بپێکن. ئەو سیستەمە وا دەکات مووشەکەکان بەبێ پشت بەستن بە سیستەمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی کاری خۆیان بکەن، ئەمەش وایان لێدەکات لە بەرامبەر تەشەویشی سیگناڵەکان خۆڕاگر بن.
سەرچاوەکان ئەگەری ئەوەیان خستەڕوو، چەکە نوێیەکە رەنگە مووشەکی "قاسم بەسیر" بێت، کە مووشەکێکی بالیستیی مەودای مامناوەندە و ئێران ساڵی رابردوو ئاشکرایکرد. کێشی کڵاوەی جەنگییەکەی نیو تۆنە و مەوداکەشی زیاتر لە 1,200 کیلۆمەترە.
موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاماژەی بە دەرکەوتنی مووشەکێکی نوێی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە هێرشەکەی دواییدا کرد. رەزایی ئەو هەنگاوەی بە بەشێک لە ستراتیژییەکی بەرگریی نوێ دانا کە لەسەر بنەمای بەرگری چالاک نەک بەرگری کاردانەوەیی راوەستاوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتکۆم روودانی هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام جەختی نەکردەوە، سەرجەمیان شکستیان هێناوە. فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکە ئێرانییەکان لە ئوردن تێکشکێندراون و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە ریزەکانی هێزەکانی ئەمریکا یان کەشتییەکانیاندا تۆمار نەکراوە.
سێنتکۆم بە فەرمی ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە گوایە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکان کراونەتە ئامانج. فەرماندەییەکە جەختیکردەوە، کەشتییە جەنگییەکان بە سەرکەوتوویی لە هەوڵەکانی هێرشکردن رزگاریان بووە و بەردەوامن لە ئەرکی گەڕۆکی خۆیان.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، لە هەفتەی رابردوودا 10 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکشکێنراون. ئەم گرژییە یەکبەدوایەکانە هەڕەشە لە ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دەکەن، ئەو ناوچەیەی کە نزیکەی 7%ـی نەوتی جیهان تێیدا تێپەڕ دەبێت.
سوپای پاسداران هۆشداری دا لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بنکەکان لە بەحرەین و کوەیت. سوپاکە داوای لە سەرجەم تیمی کەشتییەکان کرد دەستبەجێ کەشتییەکان چۆڵ بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری فراوانبوونی مەودای پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.