ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 400 خێزانی ئاوارەی شنگال دەکرێت

ئاوارەکانی شنگال لە دهۆک ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار دەکەن. گەڕی نۆیەمی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی شنگال دەستی پێکردووە و لەم چوارچێوەیەدا، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوەکان دەستی پێکردووە.

لەو گەڕەدا ناوی زیاتر لە 400 خێزان تۆمار دەکرێت و سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، وارڤین سەباح، بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، لە هەشت گەڕی پێشوودا دەوروبەری 23 هەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال و لەم گەڕەشدا زیاتر لە 400 خێزان دەگەڕێنەوە.

سەباح جەختی کردەوە، گەڕانەوەکە بە خواستی خۆیانە و هیچ گوشارێک لەسەر ئاوارەکان نییە، هاوکات ئاسانکاری پێویستیشیان بۆ دەکرێت.

سەباح روونیکردەوە، لە سێ رۆژی رابردوودا 172 خێزان لە کەمپی شاریا بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال ناوی خۆیان تۆمار کردووە. تا ئێستا 18 هەزار خێزان لە کەمپەکان و 37 هەزار خێزانی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکان ماونەتەوە.