بەرنامەی چاکسازیی سەندیکای ئەندازیاران رادەگەیەنرێت

پۆڵا خەلیفە، گوتەبێژ و ئەندامی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ سەندیکاکەیان بەرنامەیەکی ستراتیژیی بۆ چاکسازی و پەرەپێدانی پیشەی ئەندازیاری ئامادەکردووە، ئامانجی سەرەکیی هاوتەریبکردنی سەندیکاکە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ئابووری و تەکنەلۆژیای سەردەمە لە هەرێمی کوردستان.

ئەم بەرنامەیە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکدێت: مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردن و چاکسازی ناوخۆیی، بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بازاڕی کار بۆ رەخساندنی هەلی کار، پەرەپێدانی کەرتی ئەندازیاری لە رێگەی ستراتیژییە نوێیەکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی تازەدەرچووان و گواستنەوەی ئەزموون.

خەلیفە جەختی کردەوە، سەندیکا نابێت تەنیا رۆڵی پێدانی مۆڵەتی هەبێت، بەڵکو دەبێت وەک دامەزراوەیەکی کاریگەر لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی پیشەییدا بەشدار بێت. بە گوتەی خەلەف، سەندیکا لەم قۆناخەدا پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی داهاتووی ئەندازیاران و بازاڕی کار بێت.

سەبارەت بە شێوازی کارکردن، بەرنامەکە چەند هەنگاوێکی کردەیی لەخۆ دەگرێت، وەک گۆڕینی سیستەمی کارگێڕییەکان بۆ دیجیتاڵی، شەفافییەتی دارایی لە خەرجی و داهاتەکان، پێکهێنانی لێژنەی تایبەتمەند بۆ بوارە نوێیەکانی ئەندازیاری، و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان و کەرتی تایبەت و حکوومی.

لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کێشەی بێکاری لەنێو ئەندازیارانی گەنج، خەلیفە روونیکردەوە، بەرنامەکەیان پلاتفۆرمێکی مەرکەزی بۆ دامەزراندن و بەشداریپێکردنی ئەندازیاران لە پڕۆژە ستراتیژییەکان پێشنیاز دەکات. هەروەها هاندانی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، بە مەبەستی پێشینەدان بە ئەندازیارانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکاندا، بەشێکی دیکەی ئەو پلانەیە.

لە تەوەری پەرەپێدانی کەرتە نوێیەکانی ئەندازیاریدا، سەندیکا بە نیازە سنوورەکانی کارکردن لە بواری نەوت و بیناسازی تێپەڕێنێت و بایەخ بە سێکتەرەکانی وزەی نوێبووەوە وەک وزەی خۆر، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، ژێرخانی زیرەکی دیجیتاڵی، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، و تەکنەلۆژیای پیشەسازی و کشتوکاڵی بدات.

بۆ پاڵپشتیکردنی تازەدەرچووان، پلانی سەندیکاکە داڕشتنی بەرنامەی تایبەتی راهێنان و گەشەپێدانی توانا زانستی و کردارییەکانە لەژێر چاودێری خۆیدا. پۆڵا خەلیفە روونیکردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوانە تەنیا کێبڕکێکردن نییە، بەڵکو گۆڕینی سەندیکایە بۆ هێزێکی پاڵنەر بۆ داهێنان و پاراستنی شکۆمەندیی پیشەی ئەندازیاری، تا لە رێگەیەوە خزمەت بە ئابووری و کۆمەڵگەی کوردستان بکرێت.