سەردانێکی ناتانیاهۆ سووریای تووڕە کردووە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چیای "شێخ" سەرکۆنە دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێگری لەم کارە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەنراوێکدا سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چیای "شێخ" لە نێو خاکی سووریا بە 'نایاسایی' دەزانێت و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل کارێکی گێچەڵکارییە و پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی خاکی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی و دژایەتیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختی کردەوە، بەردەوامبوونی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی سووریا پێشهاتێکی جێگەی مەترسییە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. هاوکات ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت بەرانبەر بە سەرجەم لێکەوتەکانی ئەو پێشێلکارییانە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا دیمەشق داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خاوەن بڕیار دەکات بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن بۆ وەستاندنی ئەو کارانەی ئیسرائیل، هەروەها ئیسرائیل ناچار بکەن پابەند بێت بە رێککەوتننامەی ساڵی 1974.
چیای شێخ دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی نێوان سووریا و لوبنان. بەشێکی ئەم چیایە و ناوچەی جۆلان لە کاتی جەنگی ساڵی 1967 لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا. لە ساڵی 1974 و دوای جەنگی تشرینی یەکەم، رێککەوتننامەی جیابوونەوەی هێزەکان لە نێوان سووریا و ئیسرائیل واژۆ کرا و نەتەوە یەکگرتووەکان ناوچەیەکی دابڕێنراوی دروست کرد بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سووریا و ناوچەکە، ئیسرائیل کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەشێک لەو ناوچانەدا زیاتر کردووە. سەردانەکەی ئەم دواییەی ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چیای شێخ، بە ئامانجی نیشاندانی دەسەڵاتی ئیسرائیلە بەسەر ناوچەکەدا. لەو سەردانەدا ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، رێگە نادەن هیچ هێزێکی دژبەر لەسەر سنوورەکانیان جێگیر بێت.