کۆنسوڵخانەی چین لێکۆڵینەوە لە خنکانی قوتابییەکی کورد لە وڵاتەکەیان دەکات

گوتەبێژی کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، درەنگانی شەوی 8ـی ئەیلوولی 2026، کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەولێر ئاگاداری ئەوە بوونەوە کە محەممەد سەعدەدین هادی، قوتابیی دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن لە چین، بە رووداوێکی خنکان گیانی لەدەست داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، کۆنسوڵخانەکە خەمباریی قووڵی خۆی دەردەبڕێت و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو قوتابییە دەکات.

کۆنسوڵخانەی گشتیی چین جەختی دەکاتەوە، بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دەدات و دەستبەجێ پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چین کردووە بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی وردەکارییەکانی رووداوەکە بەدەست بهێنێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، دەزگا ئەمنییە خۆجێییەکان و زانکۆکە تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە تا بەگوێرەی یاسا و رێکارەکان لێکۆڵینەوە بکەن. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە چین.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر بڵاو دەکرێتەوە. لە ماوەی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکاندا، کۆنسوڵخانەکە داوا لە میدیاکان دەکات رێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی بگرن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن.

کۆنسوڵخانەی گشتیی چین ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی مرۆیی پێویست بە بنەماڵەی کۆچکردوو، تا بتوانن گەشت بۆ چین بکەن و مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم رووداوەدا بکەن.