ئەمڕۆ ناوی دەرچووانی پۆلی 12 ـی ئامادەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێن
هەفتەی داهاتوو زانکۆڵاین کارا دەکرێت
ئەمڕۆ، تەواوی داتاکانی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
سەدان دەرچووی پۆلی 12 چاوەڕێی کارابوونی سیستمی زانکۆلاینن، بۆ ئەوەی فۆڕمی وەرگرتن بۆ ئەو بەش و کۆلێژانە پڕبکەنەوە کە متمانەیان پێیان هەیە و دەیانەوێت قۆناخێکی نوێی خوێندنی تێدا دەستپێبکەن.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی تانەدانی قوتابییانی پۆلی 12ـی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ناردووە. بڕیاریشە ئەمڕۆ بە فەرمی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی دەرچووان پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشتر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەواوبوون و بەگوێرەی توانای زانکۆکان، زۆرترین دەرفەتی وەرگرتن بۆ دەرچووان رەخساوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، دوای ئەوەی داتاکان بەدەستیان دەگات، لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا سیستمی زانکۆلاین بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتن کارادەکرێت، کە بەم پێیەش چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سیستمەکە بۆ قوتابییان بەردەست بێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە سەر ئاستی بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کرد، 40 هەزار و 46 قوتابی سەرکەوتووبوون.