بەغدا هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت دەنێرێت

سێشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. سەرچاوەیەکی باڵا بە کوردستان24ی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە مووچەی مانگی 8 دەنێرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، رێکارەکانی ناردنی مووچە لە دوێنێوە دەستیان پێکردووە و تا سێشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. هاوکات مووچەکە بە شێوەی مناقەسە دەنێردرێت و بڕی 120 ملیار دینار لێی دەبڕدرێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو دەبێت. هەرکاتێک مووچە گەیشت، لیستەکە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئامادە دەکات. پارەکە ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی ئەو نووسراوە دەکرێت تا پرۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.

سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند، پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەفتەی داهاتوو تەواوی رێکارەکان کۆتاییان دێت و مووچە دەنێردرێت.