کێشەی کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان چارەسەر کرا و کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
کێشەی هەردوو کۆمپانیای (ماس و قەیوان) چارەسەر کرا و دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە تیمی پڕۆژەی "رووناکی" بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەت قسەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای (ماس و قەیوان) کردووە، کێشەی کەمیی کارەبا چارە کرا.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان، هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بڕی 550 مێگاوات کارەبایان لە تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کەم کردبووەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان هەبوو و وایکرد، لە بەشێکی زۆری ناوچەکان کارەبای نیشتمانی بۆ چەندان کاتژمێر ببڕدرێت.
کۆژان یاسین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "رووناکی" بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکان بەبێ هیچ پرس و رەزامەندییەکی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. روونیشی کردەوە، کۆمپانیاکان بیانووی ئەنجامدانی کاری چاکسازییان بۆ بڕینی ئەو بڕە کارەبایە هێناوەتەوە، بەڵام ئەم پاساوە لای وەزارەت رەتکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆژان یاسین باسی لەوە کرد، ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا بڕی 1400 بۆ 1500 مێگاوات کارەبا دەفرۆشنە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ. داهاتەکەشی راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خۆیانەوە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە.