وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێم کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردەوە، لە دوێنێوە رێکارەکانی ناردنی مووچە دەستیان پێکردووە و بڕیارە تا سێشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە رەوانە بکات. هاوکات مووچەکە بە شێوەی مناقەسە دەنێردرێت و بڕی 120 ملیار دیناری لێ دەبڕدرێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بڕە پارەیە دابین بکات و کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە.

پەیوەست بە رێکارەکانی بەغدا، سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی ناردنی مووچەکە ئامادە دەکات، بەوەش هەفتەی داهاتوو تەواوی رێکارەکان کۆتاییان دێت و پارەکە دەنێردرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هەولێر، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرکاتێک مووچە گەیشت، دەستبەجێ لیستەکە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.