سەباح نوعمان: رێککەوتن و هەماهەنگیی ئاستبەرز لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 30ـی ئەیلوولی داهاتوو وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق، هاوکات دۆسیەی بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و رێکخستنەوەی چەکی وەک لەپێشینەی کارەکانی حکومەت دەستنیشان کرد.

کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: کشانەوەی هێزە بیانییەکان بە خێرایی بەردەوامە و رۆژی 30ـی ئەیلوول وادەی کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانان و ئۆپەراسیۆنی (عەزم سەلب) دەبێت؛ ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئیرادەی حکوومەت و سەروەریی خاکی عێراق دێت، روونیشیکردەوە، شێوازی پەیوەندیی داهاتوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دوای کشانەوە دیاری دەکرێت.

کۆنترۆڵکردنی چەک و ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان
لەبارەی پرسی چەک، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی جەختی کردەوە، بە هیچ جۆرێک رێگە بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نادرێت و پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەردەوامە، هەروەها گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکان بەردەوامن و مەرجەعییەت و سەرکردە سیاسییەکانیش هاوڕان لەسەر کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ئاسایشی وڵات.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم
سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، سەباح نوعمان گوتی: فەرماندەی گشتی ئەم پرسە وەک دۆسیەیەکی ستراتیژی دەبینێت و ئامانج لێی گەیشتنە بە "عێراقێکی بێ ماددەی هۆشبەر". هاوکات هۆشداریی کۆتایی دایە بازرگانان و بەکارهێنەران. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە کرد و رایگەیاند کە رێنمایی دراوە بۆ رادەستکردنی خێرای داواکراوان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەبێ رۆتین.

پڕچەککردن و بەرگریی ئاسمانی
لە بارەی پڕچەککردنی هێزەکان، ئاشکرای کرد کە عێراق لەسەر رێنمایی فەرماندەی گشتی هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و گرێبەستی گرنگ لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا، کۆریای باشوور و تورکیا واژۆ کراون.

بەرەنگاربوونەوەی وتاری رق و کینە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداری دا لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و وتاری تایفەگەری و رق و کینە و رایگەیاند، بە رێنمایی دەسەڵاتی دادوەری و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن، رێکاری زۆر توند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان پارێزگاریی تەواو لە خۆپیشاندەران دەکەن.

پاراستنی سنوورەکان و پەکەکە
لە کۆتاییدا نوعمان دووپاتی کردەوە، عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت و لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە سەبارەت بە چارەنووسی چەکدارانی پەکەکە و چوونەدەرەوەیان لە خاکی عێراق.