ئاماری سوومەندبووانی قەرزی کارەبای راگەیەندرا

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی داشکاندنی قەرزی کارەبای هاوبەشان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ژمارەی سوودمەندان لەو پرۆسەیە لە زیادبووندایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا زیاتر لە 750,000 هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە داشکاندنی قەرزەکانیان سوودمەند بوون. هاوکات زیاتر لە 200,000 هاوبەش لە ماڵان بەهۆی داشکاندنی 60%ـی قەرزەکانیانەوە، چیتر هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە.

راشیگەیاند، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشان ماون کە قەرزیان لەسەرە. بەمەبەستی زیاتر سوودمەندبوونی هاوبەشان لەو هەل و دەرفەتە، وەزارەتی کارەبا کاتی کارکردنی بنکەکانی وەرگرتنی داشکاندنی درێژکردووەتەوە.

جەختیشیکردەوە، هاوبەشان دەتوانن تاوەکوو 12ـی شەو لە رێگەی ئی-پسوولە سوود لەم دەرفەتە ببینن. هەروەها فرۆشیاریی وزەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کاتەکانی کارکردنیان تاوەکوو کاتژمێر 9:00ـی شەو درێژکردووەتەوە، تاوەکو یەک هاوبەش مابێت کارەکان رایی دەکەن.