وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی "فۆڕێکس" دادەخات

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی داخستنی سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) دەرکرد و مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان بە تەواوی قەدەخە کرد.

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی فەرمیدا، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی دابخات. هەروەها جەخت لە قەدەخەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە بازرگانیی نایاسایی بە دراو بکرێت.

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. لە رووی پابەندبوون بە بڕیارەکانی بەغدا، رێکارەکان لەسەر بنەمای رێنماییە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دانراون. بەپێی ئەو رێنماییانە هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی فۆڕێکس بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.

لەبارەی رێکارەکان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ سەرجەم ئەو ناوەندانە دابخات بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان ئەو کارە دەکەن. هەروەها بڕیارەکە رێگری لە خۆدزینەوەش دەکات و هەموو ئەو کۆمپانیا و گرووپانە دەگرێتەوە لەژێر ناوی جیاواز و ناونیشانی بازرگانیی دیکە هەمان چالاکی بەڕێوەدەبەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە نوێیە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی دارایی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لە بەفیڕۆچوونی سەرمایە. هاوکات ئامانج لێی بەرگرتنە لەو فێڵ و زیانە داراییانەی بەهۆی مامەڵە نادڵنیاکانی ئەم بوارەوە رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، دیاردەی مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بازرگانیکردن لە بازاڕەکانی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەهۆی نەبوونی چاودێریی پێویست و هۆشیاریی دارایی لای بەشێک لە هاووڵاتییان، دەیان کەس بوونەتە قوربانیی گرووپە ساختەچییەکان و سەرمایەیەکی زۆریان لەدەست داوە.

بانکی ناوەندیی عێراق پێشتر چەندین جار هۆشداریی داوە لە مامەڵەکردن بە دراوە گریمانەییەکان و پلاتفۆرمەکانی فۆڕێکس، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە بازرگانییانە هیچ سەرپەرشتییەکی حکوومییان نییە و مەترسیی گەورە بۆ سەر ئابووریی وڵات و سەرمایەی تاکەکەس دروست دەکەن. زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە بەڵێنی قازانجی خەیاڵی بە بەشداربووان دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا پارەکانیان دەبەن و دیار نامێنن.

پێشتریش دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین هەڵمەتیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجام داوە لەژێر ناوی کۆمپانیای وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی دراو، فێڵیان لە هاووڵاتییان کردووە و پارەیان لێ سەندوون.

ئەم بڕیارە نوێیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی دارایی، پاراستنی سەروەت و سامانی خەڵک و بنبڕکردنی یەکجاریی ئەو جۆرە مامەڵە نایاساییانە لە تەواوی شارەکانی هەرێمدا.