سەرۆک بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و سەقامگیری دەکەنەوە
سەرۆک و بارزانی و هەیبەت حەلبووسی لە پیرمام کۆبوونەوە و جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەیان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، شاندی میوان بە مەبەستی سەرەخۆشی سەردانی سەرۆک بارزانییان کردبوو، پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق لە قۆناخی داهاتوودا کرا، هاوکات رۆشنایی خرایە سەر کار و ئەرکی پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان لەپێناو پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسی.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.
بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، دووپات لە بەرقەرارکردنی پەیوەندیی دۆستانە و هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، لەگەڵ توندوتۆڵکردنی هەوڵەکان بۆ دژایەتیکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە تەواوی عێراقدا کرایەوە.