وەزیری پێشمەرگە کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 رادەگەیەنێت
وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و کارکردن وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و رێگەخۆشکەربوون، توانییان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنن. جەختیشی کردەوە وەزارەت سەرجەم تواناکانی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد تا گەیشتن بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو بە تەواوەتی یەکخرانەوە.
لەبارەی پێکهاتەی نوێی سەربازیی هێزەکان، شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ریشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە چوارچێوەی لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر رێکخرانەوە، هاوکات بە فەرمی هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی دەستبەکار دەبن، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی مێژوویی دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی راستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە، هەروەها ستایشی رۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانانی کرد بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا، و داوای لێکردن لە قۆناخی داهاتوودا بە شێوازێکی نوێ و جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.