مارک رووتە: هەوڵەکانی مۆسکۆ نیشانەی لاوازی و شکستیەتی لە ئۆکرانیا
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ئێستاوە وڵاتانی هاوپەیمان سزا و باجی قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، رووسیا هەوڵ دەدات هاوپەیمانان دابەش بکات و رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کێیێڤ بکات، بەڵام ناتۆ بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و لە داهاتوودا هاوکاریی زۆر زیاتریش پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە، ئەگەرچی رووسیا دەیەوێت بە بەهێزییەوە لە گۆڕەپانەکەدا مامەڵە بکات، بەڵام هاوپەیمانییەکە لەو بەهێزترە و بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردن لە سەرجەم هاوپەیمانان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە بێتە پێشەوە.
مارک ڕووتە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستاوە وڵاتانی هاوپەیمان سزا و باجی قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن لە رێگەی لێدان و بەرپەرچدانەوەی کەشتیوانیی نایاسایی ڕووسیا لە بازاڕی ڕەش و چاودێریکردنی بریکارەکانی، هاوکات هاوپەیمانان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی پارێزگاریی تەواو بۆ سەرجەم ژێرخانە هەستیارەکانیان لە دەریای باڵتیک.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ دووپاتی کردەوە، تەواوی ئەم هەوڵ و کردەوانەی مۆسکۆ نیشانەی لاوازی و ئاماژەیەکی روونی شکستهێنانی ئەو رێگەیەن کە سەرکردایەتیی رووسیا لە ئۆکرانیا پیادەی دەکات.