سێنتکۆم: هێزەکانمان ئاراستەی 96 کەشتییان گۆڕیوە

سێنتکۆم رایگەیاندووە، ئەمریکا لە دووەم گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاراستەی 96 کەشتی بازرگانی گۆڕیوە و رێگەی بە تێپەڕینی زیاتر لە 50 کەشتیشداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەوەتەی گەمارۆی دەریاییان بەسەر ئێران سەپاندووەتەوە تا 10ـی مانگی ئەیلوول ئاراستەی 96 کەشتی بازرگانیان گۆڕیوە.

سێنتکۆم،ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ گەمارۆ دەریاییەکە، رێگەیان بە زیاتر لە 50 کەشتی هاوکاری مرۆییداوە تێپەڕن و هەروەها وێنەی هێلیکۆپتەرێکی لەسەر کەشتییەک بڵاوکردووەتە و دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکە ناوی سیهۆکە و سەربە هێزی دەریاییە، لەسەر کەشتی یو ئێس ئێس رافائێل پێراڵتاوە فڕیوە و بەشداری لە گەمارۆی دەریاییەکەی سەر ئێران دەکەن.

دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نیسانی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیدا لە 13ـی نیسانەوە گەمارۆی دەریایی بسەپێنرێتە سەر ئێران و تا 18ـی حوزەیران بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا هێزەکانی سێنتکۆم رێگریان لە 140 کەشتی کرد و نۆ کەشتی دیکەیان لە کارخست.

دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا لە 14ـی تەممووزی ئەمساڵ بۆ جاری دووەم هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆیان بەسەر ئێران سەپاند و تا ئێستا بەردەوامە.

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زیانی رۆژانەی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆیە دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار.