لە یادی شۆڕشی ئەیلوولدا؛ پارتی جەخت لە هاوهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی نێوان سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لەپێناو چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول رایگەیاند، شۆڕش بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمانی بۆ قۆناخێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە و بووە بنەمای بەدیهێنانی چەندین دەستکەوتی مێژوویی، لە سەرووشیانەوە رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970، راپەڕینی گەلی کوردستان و بنیاتنانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر و پێشڕەویی پارتی لە 11ـی ئەیلوولی 1961دا، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر چارەنووسی سیاسیی بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو و بە پەیامێکی هەقخوازانە سەلماندی کە ئیرادە و ورەی پۆڵایینی رۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکاندا لە بەرامبەر هیچ پیلانگێڕییەکدا کۆڵ نادەن و سازش ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە یەکێک لە بنەما بێوێنەکانی شۆڕشی ئەیلوول، رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی کوردستان بوو، بە جۆرێک شۆڕش توانی سەرجەم سنوورە ناوچەیی، ئایینی و مەزهەبییەکان بسڕێتەوە و تەواوی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی هێزێکی بەرهەڵستکار و یەکگرتوودا دژ بە دیکتاتۆری و ستەمکاران کۆبکاتەوە تاوەکو لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردەوە کە ئەم یادە بە دەرفەت دەزانن بۆ پێداگری لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی نێوان سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لەپێناو چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، وێڕای ناردنی سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەری رێز دانواندن بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیمانی بۆ سەرۆک بارزانی، گەل و نیشتمان دووپات کردەوە کە لەسەر رێبازی بارزانی بەردەوام دەبن تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.