جەزائیر ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیماراتدا داخست
جەزائیر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات پچڕاند و سەرجەم گەشتەکانی بەڕووی فڕۆکە مەدەنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە داخست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بەرگریی جەزائیر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوای بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات، جەزائیر بڕیاریدا لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هەموو ئەو فڕۆکە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیمارات دابخات.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، ئەو بڕیارە تەنیا گەشتە مەدەنییە بازرگانییەکانی ئیمارات ناگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هواری بۆمەدین لە جەزائیر دەچن یان دێن، ئەو گەشتانە تا کۆتایی ئەمساڵی 2026 کە وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەیانە، بەردەوام دەبن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەزائیر بە فەرمی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیمارات راگەیاند، حکوومەتی جەزائیر هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سەرجەم رێگەکانی پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کۆتاییان هاتووە و ئەبو زەبی بە رەفتاری پروپاگەندەیی یان دوژمنکارانە تۆمەتبار کرد، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر باڵیۆزی ئیماراتی بانگهێشت کرد و بڕیارەکەی پێ راگەیاند و مۆڵەتی 48 کاتژمێری بۆ جێبەجێکردنی پێداوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە "رێزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان دەگرێت و هیواش دەخوازیت بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکان "کاتی" بێت، بەجۆرێک کە پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی نێوان هەردوو گەلی ئیمارات و جەزائیر بپارێزێت.