وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نۆ بازرگانی خستە نێو لیستی سزاکانییەوە
ئەمریکا بە تۆمەتی بازرگانیکردن لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا و ئێران، نۆ کەسایەتی عێراقی و کەسایەتیەکی سووری و چوار کەسایەتی لوبنانی سزادەدات.
نووسینگەی چاودێری سامانە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر نۆ کەسایەتی و دوو کۆمپانیای عێراقی، چوار کەسایەتی و دوو کۆمپانیای لوبنانی و کەسایەتییەکی سووریا سەپاندووە، بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندیان بە لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی هەبووە و دوو لەو کەسایەتییە عێراقییانە چالاکی بازرگانیان هەبووە کە پەیوەندی بە ئێران هەبووە.
ئاشکراشی دەکات، عێڕاقییە سزادراوەکان ناویان، خەلدون ناسڕ مەریوش، عەبدوڵڵا نازم لعێبی، حوسێن ئەحمەد حوسێن، کەرار محەمەد قاسم، عەلی حەسەن فەرحان، محەمەد ئەمین فازڵ، عەباس جەواد کازم، عەبدولحەسەن عەلی ئەکبەر، ماجد عەلی ئەکبەرە، یەکێک لە هاووڵاتییەکان رەگەزنامەی کەنەداشی هەیە و یەکێکی دیکەش رەگەزنامەی تورکیای هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، دوو کۆمپانیا عێراقییەکە ناویان عەینلعێراق و ئەلبوروج بووە و پەیوەندیان بە تۆڕی میلیشیاکانەوە هەبووە و بازرگانیان لەگەڵ ئێران کردووە.
ئاشکراشی دەکات، چوار کەسایەتییە لوبنانیەکە و کەسایەتییە سوورییەکەی کە سزادراون پەیوەندیان بە کەسێکەوە هەبووە ناوی حەمدی زاهرە، ئەویش بەشێکە لە تۆڕێکی دارایی حزبوڵڵا و پێشتر لەلایەن ئەمریکا سزادراوە، هەروەها دوو کۆمپانیای لوبنانیش خراونەتە لیستی سزاکان.