ترەمپ: ئێران رووبەڕووی گوشاری ئابووری و سەربازی قورس بووەتەوە
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی گوشاری گەورەی ئابووری و سەربازی بووەتەوە و پێشبینی دەکات جەنگەکە دوای ھەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی قۆناخی ئەمریکا کۆتایی پێبێت، هاوکات دووپاتیکردەوە، واشنتن رێگە بە تاران نادات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 300%، و ئەندامانی سوپا و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا مووچە وەرناگرن و دووپاتیشیکردەوە، ئێرانییەکان "بە سەختی جەنگەکە درێژە پێدەن و لە قەیراندان".
لە لایەنی سەربازیدا، ترەمپ گوتی توانای مووشەکیی تاران "بە رادەیەکی زۆر تێکشکێنراوە"، ئەمەش دروستکردنی مووشەکی زیاتری قورستر کردووە، بەڵام دانی بەوەدانا کە ئێران هێشتا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هەندێکیان بتەقێنێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، واشنتن رێگە بە تاران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و هۆشداری دا کە خاوەندارێتی ئەم چەکە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت شارەکانی ئەمریکاش دروست دەکات. هەروەها باسی بەکارهێنانی فڕۆکە بۆمبڕێژکەرەکانی B-2 کرد لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە ئێران، و بەرگری لە بڕیاری پێشووی خۆی کرد بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا خۆی کۆنترۆڵ رێڕەوە ئاوییەکە دەکات نەک ئێران هەروەها هێزە ئەمریکییەکان 22 کەشتییان شەوی رابردوودا لە گەرووەکە دەرهێناوە.