ئەکسیۆس: بن سەلمان داوای لە ترەمپ کردووە هێرش بکاتە سەر حووسییەکان

شازادەی جێنشینی سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و داوای لێکردووە هێرش بکرێتە سەر حووسییەکان، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داواکەی رەتکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئۆکسیۆس" کە لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، پێنجشەممە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و داوای لێکردووە چەکدارە حووسییەکان بە ئامانج بگرێت.

راپۆرتەکە رایگەیاند، ترەمپ داواکەی رەتکردەوە، و بەرپرسانی ئەمریکیش جەختیان لەوە کردەوە کە کارگێڕیی ئەمریکا هیچ پلانێکی نییە بۆ گرتنەبەری هەنگاوێکی سەربازیی راستەوخۆ دژی حووسییەکان.
سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانیی قووڵیان بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکانی یەمەن هەیە، لە هەمان کاتیشدا کار بۆ پەرەپێدانی پاڵپشتییەکانیان بۆ سعوودیە دەکەن، بەبێ ئەوەی بیانەوێت راستەوخۆ تێوەگلاوی سەربازی بن.

لە لایەکی دیکەوە، ئادمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پێنجشەممە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەپەلەی هەماهەنگی، گەشتی بۆ سعوودیە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەرپرسە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا بە هاوتا سعوودییەکانیان راگەیاندبوو، رێنماییەکانی ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا سەرنجیان لەسەر ئێران و پاراستنی گەرووی هورمز بێت و دووربن لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی سەربازی.

لەم چوارچێوەیەدا، پێشتر ئاژانسی رۆیتەڕز لە مانگی تەمموزدا بڵاویکردبووەوە، سعوودیە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەدات بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور ، ئەمەش لە کاتێکدایە که گرژییەکان لە ناوخۆی یەمەن و دەوروبەری بەردەوام روو لە هەڵکشانن. دەستپێکی ئەم تەنگژەیە بۆ سەرەتای مانگی تەمموز دەگەڕێتەوە کاتێک حووسییەکان رایگەیاندبوو هێزەکانیان بەرگرییان لە فڕۆکەیەکی جەنگیی سعوودی کردووە که هەوڵی رێگریکردنی لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا دابوو.