گرۆسی: ئێران رێگە بە پشکێنەرانی ئاژانسی ئەتۆم نادات

رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، نیشانەی ئاشکرا لەسەر چالاکیی نوێ لە ناوچەی سەربازی و پارێزراوی کێوی کوڵەنگ لە نزیک دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز تۆمارکراوە.

گرۆسی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی بلومبێرگ روونیکردەوە، وێنە و زانیارییەکان لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە هاتوچۆ و کارکردنی نوێیان لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە نیشانداوە. جەختی لەوە کردەوە، پشکنەرانی ئاژانسەکە تا ئێستا رێگەیان پێ نەدراوە بچنە ناو کۆمەڵگەی تۆنێل و ئەشکەوتە ژێرزەمینییەکانی کێوی کوڵەنگ.

ناوچە ژێرزەمینییەکە بەهۆی قووڵییەکەی لە ناخی زەویدا بووەتە جێی نیگەرانییەکی زۆری نێودەوڵەتی سەبارەت بە سروشتی ئەو چالاکییانەی لەوێ دەکرێن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر باسی لە ئەگەری ئامانجگرتنی کێوی کوڵەنگ کردبوو، ئەگەر هۆشدارییەکانی واشنتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەردەوام بێت.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر پرسی چاودێریکردن گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار، بەپێی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران تۆمەتبارە بەوەی رێگری لە پرۆسەی پشکنین دەکات و بەشێک لە کامێراکانی چاودێریشی کوژاندووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی تاران دووپاتی دەکاتەوە بەرنامەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانەیە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جەخت لەسەر پێویستیی دەستڕاگەیشتنی بێمەرجی پشکنەرەکانی دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستیی چالاکییەکان