ئایشەگوڵ : تورکیا وڵاتێکی فرەزمانە و کوردی زمانی دایکی ملیۆنان مرۆڤە
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی فرەزمان، فرەکولتوور و فرەناسنامەیە، هاوکات دەپرسێت "لەبری ئەوەی بپرسن بۆچی خزمەتگوزاریی شارەوانییەکان دوو زمانن، پێویستە بپرسن بۆچی زمانی کوردی هێشتا ئازاد نییە؟"
ئەم هەڵوێستەی ئایشەگوڵ دۆغان، پەرلەمانتاری شڕناخ و گوتەبێژی دەم پارتی، دوای ئەوە هات کە لەم دواییانەدا پرسی تابلۆکانی ئاراستە و هێماکانی هاتوچۆ بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی لە دیاربەکر لە ساڵی 2014ـەوە جێبەجێ کرابوون، جارێکی دیکە لە باکووری کوردستان و تورکیا کرایەوە ڕۆژەڤ و بووە جێی مشتومڕ.ئایشە گول لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس تیشکی خستە سەر پێگەی زمانی کوردی و رایگەیاند "تورکیا وڵاتێکی فرەزمان، فرەکولتوور و فرەناسنامەیە، کوردی زمانی دایکیی ملیۆنان مرۆڤە کە بەسەر چەندین وڵاتی دراوسێشدا دابەش بوون. لەجیاتی ئەوەی بپرسن بۆچی خزمەتگوزاریی شارەوانییەکان دوو زمانەن، دەبێت ئەوە بپرسن بۆچی تا ئێستاش زمانی کوردی ئازاد نییە؟"
گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە پێویستە کۆتایی بە ترس لە زمانەکان بهێندرێت و دەڵێت "لەبری ئەوەی لە زمانەکان بترسن، ئایا پێویست ناکات پشتیوانی لە قسەکردن و خوێندن بە زمانی کوردی بکرێت؟ لە کاتێکدا برایەتی لە زمانەوە دەست پێدەکات. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: بۆچی لەمە نیگەران و بێزار دەبن؟ لە ڕاستیدا چیرۆک و کێشەی ئێمەش هەر لەم خاڵەوە دەست پێدەکات."