25 ساڵ بەسەر رووداوی 11ـی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێت
دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر هێرشەکانی 11ی سێپتێەمبەری2001دا، جیهان هێشتا بە دەست شوێنەوارەکانی ئەو رۆژەوە دەناڵێنێت کە ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆڕی و سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی داڕشتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2001، هێرشەکان دوو تاوەری ناوەندی بازرگانیی جیهانییان لە نیویۆرک و بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایان لە واشنتن کردە ئامانج، هاوکات فڕۆکەیەکی دیکەش لە ولایەتی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە. هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس و دواتر ئەمریکا جەنگێکی راگەیاند کە بە ناوی "جەنگ دژی تیرۆر" ناسرا.
کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە تەنیا لە ئەمریکا نەماوەوە، بەڵکو گەیشتە زۆر ناوچەی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی بوونە سەنتەری ئەو گۆڕانکارییانەی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ساڵانی دواتردا، ناوچەکە شایەتی جەنگ، گۆڕانکاریی سیاسی، سەرهەڵدانی گرووپی چەکدار و زیادبوونی کێشە نێودەوڵەتییەکان بوو، هاوکات وێنەی عەرەب و موسوڵمانان لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا گۆڕا.
دەستپێکی جەنگ دژی تیرۆر
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر هێرشەکاندا، ئەمریکا جەنگی لە ئەفغانستان دەستپێکرد بە ئامانجی رووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان و بەدواداچوونی تۆرە تیرۆریستییەکانی قاعیدە کە واشنتن بەرپرسیارێتی هێرشەکانی خستە ئەستۆیان. بەم شێوەیە ئەفغانستان بووە یەکەم مەیدانی سەرەکیی جەنگی ئەمریکا دژی تیرۆر. بەڵام جەنگ لەوێ نەوەستا؛ لە ساڵی 2003دا، ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و رژێمی بەعسی رووخاند.
عێراق و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەکان
داگیرکردنی عێراق یەکێک بوو لە کاریگەرترین رووداوەکان لە ناوچەکەدا دوای 11ی سێپتەمبەر. رووخانی رژێمی عێراق هاوسەنگیی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی و رێگەی بۆ ململانێی ناوخویی و دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆشکرد. دواتر سەرهەڵدانی قاعیدە لە عێراق و پاشان دەرکەوتنی رێکخراوی داعش کە توانی دەسەڵات بەسەر رووبەری بەرفراواندا لە عێراق و سووریا بگرێت پێش ئەوەی زۆربەی ناوچەکانی لەدەست بدات.
ئاسایش بەرامبەر بە ئازادییەکان
هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تێگەیشتن لە ئاساییشدا دروست کرد. لە زۆرێک لە وڵاتاندا رێوشوێنی تایبەت و توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر پەسەند کران، وەک زیادکردنی چاودێری و توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی گەشتکردن. ئەم کارانە پرسیاریان لەسەر سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت و مافەکانی تاک و ئازادیی رادەربڕین دروست کرد.
دوای 25 ساڵ، هێشتا شوێنەوارەکانی 11ی سێپتەمبەر ماون و پرسەکان لەسەر ئاسایش، مافەکان، و داهاتووی کۆمەڵگەکان بەردەوامن.