وەزیرانی دەرەوەی کۆریای باشوور و ئێران تاوتوێی رەوشی گەرووی هورمزیان کرد

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزیرانی دەرەوەی کۆریای باشوور و ئێران پێشهاتەکانی ئەمدوایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی گەرووی هورمزیان تاوتوێ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی سێئول رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوە لەبارەی بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییەدا دەکات.

رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، چۆ هیۆن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر داوای لایەنی ئێرانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە و تێیدا تاوتوێی دواین پێشهاتەکان و گەرووی هورمزیان کردووە.

ئەم ئاخاوتنەی رۆژی هەینی دوای هۆشدارییەکی تاران دێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو هەر بەشدارییەکی سەربازیی کۆریای باشوور لەو ئاڵۆزییانەدا، "دەرئەنجامی مەترسیدار"ی دەبێت.

کۆریای باشوور تیمێکی بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشەکە رەوانەی گەرووی هورمز کردووە و چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر رەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ رێڕەوەکە.

جووڵەی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیجییەدا راگیراوە بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتدا، ئەمەش بازاڕەکانی وزەی لە سەرانسەری جیهاندا تووشی پەککەوتن کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار فشاری خستووەتە سەر کۆریای باشووری هاوپەیمانی بۆ ئەوەی هاوکاری بکات لە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئاماژەی بەوە کردووە کە سێئول داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز.