پارێزگاری حەسەکە داوای دەستگیرکردنی بکوژانی "سامی شێخموس" دەکات
پارێزگاری حەسەکە لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی کوژرانی "سامی شێخموس حەسۆ" کرد و رایگەیاند، دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ڕاسپێردراون دەستبەجێ بکەرانی تاوانەکە دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە داوە "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 'سامی شێخموس حەسۆ'؛ رووداوێکی نەشیاوە و بە تەواوی پێچەوانەی بەها مرۆیی، ئەخلاقی و یاساییەکانە، هاوکات دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە و پیرۆزیی ژیانی هاووڵاتییان."
پارێزگای حەسەکە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییەکە، دووپاتیکردووەتەوە "خوێنی سەرجەم رۆڵەکانی پارێزگاکە و هاووڵاتییان پارێزراوە، پاراستنی ئاسایش و گیانی ئەوان بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی کەمتەرخەمی تێدا نابێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە رێنمایی پێویست دراوەتە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و تاوانباران و هەر کەسێک کە تێوەگلاوە دەستگیر بکەن، تاوەکو لە دادگادا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەوڵەت سوورە لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، و رێگە بە هیچ کەس یان لایەنێک نادرێت یاری بە ئارامیی هاووڵاتییان بکات یان هەڕەشە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست بکات، سەروەریی یاساش بڕیاردەری سەرەکی دەبێت لە سزادانی هەر کەسێک کە تاوان بەرامبەر دانیشتووانی پارێزگاکە ئەنجام بدات.