بە بەشداریی عێراق کۆبوونەوەیەک لە بارەی هورمز بەڕێوە دەچیت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لەم هەفتەیە، کۆبوونەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و دەریای عومان بە بەشداریی ئێران و عێراق لە عومان بەڕێوە دەچێت، بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا؛ هاوکات جەختی کردەوە بەبێ راگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا ئاسایشی ناوچەکە بە تەواوی مسۆگەر ناکرێت.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممە لە عومان کۆبوونەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و دەریای عومان بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەشی دا، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی ئێران، عێراق و وڵاتانی دیکەی کەناراوی کەنداو لە عومان دەبێت؛ لە دیدارەکەشدا جیا لە بابەتە هەرێمییەکان، گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و عومان دەکرێت سەبارەت بە دەستنیشانکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ هاتوچۆی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دا بۆ پتەوکردنی متمانە و هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، بەدوور لە دەستێوەردانی تێکدەرانە و دووبەرەکیینانەوەی لایەنە دەرەکییەکان، و هیوای خواست ئەم کۆبوونەوەیە ئاستی لێکتێگەیشتن و ئاسایشی هاوبەش بەرز بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە لێکتێگەیشتنی ئێران و عومان بۆ رێڕەوی کاتیی کەشتیوانی، بەقایی جەختی کردەوە، ئێران پابەندە بە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، بەڵام هۆشداری دا کە "مادام هەنگاوە دەستدرێژیکارانە و دەستێوەردانە نایاساییەکانی ئەمریکا، لەوانەش گەمارۆی دەریایی و جەنگی ئابووری بەردەوام بێت، ناتوانرێت ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز مسۆگەر بکرێت".