وەزارەتی نەوتی عێراق: نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان گران نەکراوە
وەزارەتی نەوتی عێراق دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان رەتکردەوە و رایگەیاند, نرخەکان بۆ هاووڵاتییان بە پاڵپشتیکراوی و وەک خۆیان دەمێننەوە، هاوکات روونی کردەوە کە بڕیاری زیادکردنی نرخەکان تەنیا فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتەکانی دیکە دەگرێتەوە نەک ئەو بەشەی بۆ هاووڵاتییان تەرخان کراوە.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو هەواڵانەی لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بڵاوکراونەتەوە راست نین؛ نرخەکان بە هەمان شێوازی پاڵپشتیکراوی پێشوو بۆ هاووڵاتییان بەردەست دەبن و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو بەرزکردنەوەی نرخەکان تایبەتە بە دامودەزگاکانی حکوومەت و چەند کەرتێکی دیکە.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیار درابوو لەم مانگەوە نرخی سووتەمەنی لەو کەرتانەدا بەمشێوەیە دەستنیشان بکرێت:
- یەک لیتر گاز: 1,000 دینار
- یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ: 750 دینار
- یەک لیتر بەنزینی موحەسەن: 1,000 دینار
- یەک لیتر بەنزینی سوپەر: 1,250 دینار
- یەک لیتر نەوتی سپی: 1,000 دینار
دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوەکە، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک ئەو سووتەمەنییە ناگرێتەوە کە بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت و تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان وەک پێشوو بە نرخە پاڵپشتیکراوەکان بەردەست دەخرێن.