زەیدی بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە فەرەنسا

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیە عەلی فالح زەیدی بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەگاتە پاریس بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و وزە، لەگەڵ واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوول دەستپێدەکات و رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوول لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، کە تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەش دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەردانەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پاریس و فراوانکردنی هاوبەشییەکانە لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە هەردوو کەرتی وزە و ئاسایشدا.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە عەلی زەیدی و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی شاندەکانی هەردوو وڵات دەکەن بە مەبەستی داڕشتنی چوارچێوەی گشتیی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، وزە و فێرکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها سەرپەرشتیی مەراسیمی واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چەندین کەرتی جیاوازدا دەکەن.