بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا: زیاتر لە نیو ملیۆن سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا کوژراون

بەرپرسێکی باڵای بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە شوباتی 2022، زیاتر لە نیو ملیۆن سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا کوژراون.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، مارشاڵی ئاسمانی، سێر ریچارد نایتۆن، سوپاسالاری بەرگریی بەریتانیا روونیکردەوە، ئەم ژمارەیەی کوژراوان، بەشێکە لە کۆی گشتیی یەک ملیۆن و 500 هەزار سەربازی رووسی کە لە بەرەکانی جەنگدا بوونەتە قوربانی. ئەم ئامارانەی بەریتانیا تا ئاستێکی زۆر هاوتایە لەگەڵ ئەو ئامارانەی کە پێشتر لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە بڵاوکراونەتەوە.

نایتۆن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، سوپای رووسیا لە پێشڕەوییە مەیدانییەکانیدا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، و بەپێی هەڵسەنگاندنی شرۆڤەکارانی رۆژئاوا، لەمساڵدا خێرایی پێشڕەوییەکانی مۆسکۆ بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە.

نایتۆن ئاشکراشیکرد، هێزەکانی رووسیا لە ماوەی جەنگەکەدا زیانێکی ئێجگار زۆریان لە کەرەستە و چەک و چۆڵ بەرکەوتووە، لەوانە: لەدەستدانی زیاتر لە 10 هەزار زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، نزیکەی سێ هەزار سیستمی بەرگریی ئاسمانی و تۆپخانە، هەروەها زیاتر لە 370 فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر.

لە لێدوانەکەیدا، بەرپرسە باڵاکەی بەریتانیا هیچ ئامارێکی سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا ئاشکرا نەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە هەردوو حکوومەتی مۆسکۆ و کیێڤ بە دەگمەن نەبێت، بە بەردەوامی ئاماری زیانە گیانی و سەربازییەکانی خۆیان لە گۆڕەپانی جەنگدا بڵاو ناکەنەوە.