سوید هۆشداری لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکان دەدات

بەرپرسێکی باڵای سویدی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی هەڵە هۆشداری دەدات، رووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر هەڵبژاردنە داهاتووەکانی وڵاتە دیموکراسییە گەورەکانی ئەوروپا.

ئەو بەرپرسە داوای لەپلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا کردووە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆڕە ئەلیکترۆنییانەی بە مۆسکۆوە بەستراونەتەوە.

ماغنوس هۆرت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی بەرگریی دەروونیی سوید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆلیتیکۆ گوتی: "هەڵبژاردنەکان دەرفەتێکن بۆ ئامێری جەنگی زانیاریی رووسیا، تاوەکو هەوڵی زیادکردنی جەمسەرگیری و دابەشبوون لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا بدەن."

هۆرت روونیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی کرێملین ئەوەیە دەنگدەران ناچار بکات گومان لە بەردەوامیی پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی حکوومەتەکانیان بۆ ئۆکرانیا بکەن. ئەمەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی هەڵە دەربارەی گەندەڵی لە کیێڤ و چەندین پێشێلکاریی دیکە کە روویانداوە.

ئاژانسەکە پێی وانییە مۆسکۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی سوید بکاتە ئامانج کە بڕیارە یەکشەممە بەڕێوەبچێت. هۆرت هۆکارەکەی بۆ هەبوونی کۆدەنگییەکی فراوان لەناو وڵاتەکەدا بۆ پاڵپشتییکردنی ئۆکرانیا گەڕاندەوە.

هۆرت جەختیکردەوە، رووسیا سەرنجی خستووەتە سەر وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا لەوانە ئەڵمانیا و فەرەنسا. لەو وڵاتانەدا هەڵبژاردنەکان لە ئارادان و رەنگە حیزبە راستڕەوە توندڕەوەکان سوودی لێ ببینن، کە پێشتر بەوە ناسراون هەڵوێستی نەرمیان بەرامبەر مۆسکۆ هەیە.

نیگەرانییەکانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەکانی رووسیا بۆ کاریگەرییکردن لەسەر دەنگدەران لە زیادبووندایە. لەنێو تۆمەتەکانیشدا باسی بەکارهێنانی کەمپەینی زانیاریی هەڵە و ڤیدیۆ و پۆستی ساختە دەکرێت کە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکان دەکەنە ئامانج.

هەروەها نیگەرانییەکان لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بە شەڕی هێیبرید ناوی دەبەن، پەرەی سەندووە، کە هێرشی درۆنیش لەخۆ دەگرێت.