لە کۆبانێ 8 زیندانیی گیانیان لە دەستدا
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، رەوشی ئەمنی لە کۆبانێ پاش چەند کاتژمێرێک لە ئاڵۆزیی بەرەبەیان، بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، گرژییەکان لەنێوان کاتژمێر 4:00 بۆ 5:00ـی بەرەبەیان بەردەوام بوون.
بەڕێوەبەرایەتی کاری لەپێشینەی گشتیی کۆبانێ و حەلەب رایگەیاند، دانوستان سەپێنراوە و دۆخی گشتی هێمن بووەتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە دوای خۆپیشاندانێکی بەرفراوان هات لە کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ، کە توندترین پێکدادانەکان لە کۆبانێ روویان دا.
خۆپیشاندانەکان لە قامیشلۆ و حەسەکە بەشێوەیەکی هێمن بەڕێوەچوون، بەڵام لە کۆبانێ ئێوارەی دوێنێ کاتێک خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ناوەندی کاری لەپێشینەی گشتی، دۆخەکە گرژیی بەخۆیەوە بینی. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەران، 27 گەنج دەستگیرکران و بۆ زیندانی ناوەندیی کۆبانێ گوازرانەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ماجید عومەر کە وەک بەرپرسی ئەمنیی کۆبانێ دەناسرێت، لە رێگەی بەکارهێنانی قسەی رەگەزپەرستانەوە زیندانییەکانی ورووژاندووە. ئامانجی ئەو هەنگاوە هاندانی زیندانییەکان بووە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی، تا پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە کۆبانێ دروست بکەن.
سەرەڕای شکستی ئەو هەوڵە، بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ حەلەب دەرکرا. زیندانییەکان و ئەندامانی ئاسایش بە توندی رەتیانکردەوە ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت، چونکە نیگەران بوون گواستنەوەیان بۆ حەلەب ببێتە هۆی ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی خراپ لەگەڵیاندا.
لەکاتێکدا ئەو بەرپرسە و ئەندامانی هێزەکەی پێداگرییان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرد، حەوت زیندانی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. سەرەڕای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ژمارەی گیانلەدەستدانی زیندانییەکان گەیشتووەتە 8 کەس و 10 کەسی دیکەش لە زینداندا بریندارن. هاوکات شایەتحاڵان باسیان لەوە کردووە، ئاسایشی ناوخۆ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بڕیاریداوە سەرجەم راگیراوان ئازادبکات.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، دوێنێ تەرمی چەکدارێک بە ناوی سامی شێخمووس لە حەسەکە دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو. ئەو رووداوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی رۆژئاڤا لێکەوتەوە.
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە رێنمایی داوەتە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و تاوانباران دەستگیربکەن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەبووەتە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە. ئاگرلەخۆبەردانی زیندانییەکانیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی رۆژئاڤا و ناوچە کوردنشینەکان دەکەن.