ئەمریکا رێڕەوی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز رێکدەخات
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ئاشکرایکرد، ئەمریکا داوای لەو کەشتییانەی نەوت کردووە کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، گەشتەکانیان لە کاتێکی دیاریکراودا رێکبخەن، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی پاراستنی سەربازی بۆیان.
رۆژنامەکە لەچەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە ئایارەوە خزمەتگوزاریی بەرگریی ئاسمانی پێشکەش بەو کەشتییانە دەکات کە دەیانەوێت بەو رێڕەوەدا تێپەڕن، بەتایبەت ئەوانەی دەیانەوێت بە کەناراوەکانی عومان لە بەشی باشووری گەرووەکەدا تێپەڕ بن.
خاوەن کەشتییەکان داواکارییان پێشکەش بە ناوەندی هەماهەنگیی دەریایی ئەمریکا دەکرد و ئەو ناوەندەش هێڵکاریی رێڕەوەکەی بۆ کەشتیوانان دیاری دەکرد و مۆڵەتی پێ دەدان زیاتر بە شەو گەشتەکانیان رێکبخەن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەیلوولدا کاتی گەشتەکان بۆ دوو ماوەی دیاریکراو لە رۆژێکدا کەم کرایەوە و داوا لە کەشتییەکان کرا گەشتەکانیان لە کاتە دیاریکراوەکاندا دەست پێ بکەن، لەوانە کاتژمێر 9ـی بەیانی.
فاینانشاڵ تایمز جەختیکردەوە، تێپەڕینی کەشتییەکان لەو ماوانەدا ناچاری نییە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی باشترین پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا، ئەو رێوشوێنە پێشنیاز دەکرێت.
راوێژکارێکی ئاسایشی دەریایی کە لەگەڵ کەشتییەکانی کەنداو کار دەکات، بە رۆژنامەکەی راگەیاند "چڕکردنەوەی سەرچاوەکان لە ماوەیەکی کورتتردا، لەبری ئەوەی 12 کاتژمێر بەدرێژایی شەو تەرخان بکرێت، توانای سەربازیی زیاتر بە ئەمریکا دەبەخشێت بۆ ئەوەی پاراستنی باشتر بۆ کەشتییەکان دابین بکات".
رۆژنامەکە روونیکردەوە، نەسەلمێنراوە تێپەڕین لە کاتەکانی تاریکیدا سەلامەتترین کات بێت. لە سەرەتای ململانێکانەوە لە 28ـی شوباتەوە زیاتر لە 70 کەشتیی بازرگانی رووبەڕووی هێرشی سەربازیی بوونەتەوە.