سەرۆکی لوبنان: هیچ دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ئارادا نییە
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان بە سەردانێکی پێشوەختە و رانەگەیەنراو گەیشتە نەبەتیەی باشووری وڵات، لەم سەردانەدا ژمارەیەک فەرماندەی دەزگا ئەمنییەکان یاوەرییان کرد، ئەمەش بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەکە و پێداویستییەکانی دانیشتووانەکەی.
جۆزێف عۆن رایگەیاند، لە ئێستا هیچ دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ئارادا نییە، جەختیکردەوە، پاشەکشەی ئیسرائیل، گەڕانەوەی دیل و ئاوارەکان، هەروەها ئاوەدانکردنەوە، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆزێف عۆن روونیکردەوە، سەردانەکەی بۆ نەبەتیە بە یاوەریی فەرماندەکانی دەزگا ئەمنییەکان، ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێکە کە دەوڵەت لە پاڵ هاووڵاتییانیدایە و کار بۆ دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکان دەکات.
ئەم سەردانەی سەرۆکی لوبنان بۆ نەبەتیە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی رەوشی باشووری لوبنان، هەڵوەستەکردن لەسەر پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی بوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ناوچەکەدایە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمریکی دواخستنی خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی پشتڕاستکردەوە، کە بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو لە رۆما بەڕێوەبچێت، ئەو بەرپرسە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاند، خولی داهاتووی دانوستانە فەرمییەکان لە مانگی تشرینی یەکەم لە پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
لوبنان و ئیسرائیل لە 26ـی حوزەیراندا بە نێوەندگیریی ئەمریکا رێککەوتنی چوارچێوەیان واژۆکرد، ئەمەش دوای پێنج خول لە دانوستانەکان لە واشنتن، رێککەوتنەکە بەتایبەت جەخت لەسەر چەککردنی حزبوڵڵا، کشانەوەی پلەبەپلەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردوون و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە دوو ناوچەی تاقیکاری دەکات.
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتدا جەنگیان دژی ئێران راگەیاند، حزبوڵڵا مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش جەنگێکی دژی لوبنان بەرپاکرد کە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەی گرتەوە. ململانێکان لە نێوان هەردوو لا دوای گەیشتن بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە مانگی حوزەیران و واژۆکردنی رێککەوتنێکی دیکە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل هێور بوونەوە.
سەرەڕای دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕتر کردووەتەوە. راگەیاندنی دواخستنی دانوستانەکان رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل ئەشکەوتێکی حزبوڵڵای بۆردومان کرد.