هەیبەت حەلبووسی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیە دەکات

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کرانە سەر شانشینی عەرەبیی سعوودیە و جەختی کردەوە، عێراق رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی بەکاربهێنرێت.

ئەمرۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "بەکارهێنانی خاکی عێراق یان ئاسمانەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعوودیەی برا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ، کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەم جۆرە کردەوانە بە تەواوی پێچەوانەی سیاسەتی فەرمیی عێراق، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پەیوەندییە دۆستانەکانیەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هۆشداری دا لە مەترسییەکانی پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی هێشتنەوەی چەکی تەنیا لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندا دووپات کردەوە، دەبێت لەژێر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکوومەتیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، حەلبووسی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەتی بڕیاری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لەم هێرشانەدا تێوەگلاون و رووبەڕووکردنەوەیان بە یاسا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هەیبەت حەلبووسی ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان بەغدا و ریاز، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و وڵات و ناوچەکە لە ئاڵۆزیی و گرژیی زیاتر بەدوور بگرێت.