سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای میسانی بەخشی
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە بەخشینی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای میسان لە پۆستەکەی و رەوانەکردنی سەرجەم بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە بۆ لێکۆڵینەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی داوە بە بەخشینی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای میسان لە کارەکەی.
سەباح نوعمان باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران بڕیاریشی داوە بە گواستنەوەی بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە بۆ سەر فەرماندەیی هێزەکانی یەدەگ و رەوانەکردنیان بۆ لێکۆڵینەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم رێنمایی و بڕیارانەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەدا دەرچوون لەم دواییەدا لە پارێزگای میسان روویانداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوول، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە ئاشکرای کرد، هێرشەکانی سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە نێو خاکی عێراقەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراون. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لەسەر داوای بەغدا و بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم قۆناخەدا، وەڵامدانەوەی سەربازییان بۆ ئەو هێرشانە دواخستووە.
هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و، رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستی پێکردووە، تاوەکوو رێگە نەدرێت خاکی وڵاتەکەیان بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
ئەم رێکارانەی بەغدا و دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە ئەمنییانە، لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراقدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی دژی دراوسێکان.