بەحرەین بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی تایبەت بە گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، بەشداری لەو کۆبوونەوە وەزارییە پێشنیازکراوەدا ناکات کە بڕیارە لە عومان لەبارەی ئاسایشی گەرووی هورمز بەڕێوەبچێت، و جەختی کردەوە تاوەکو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی نەبنەوە، لەگەڵ ئێران لەژێر یەک سەقفدا دانانیشێت.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، بە فەرمی لایەنی عومانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا ناکات کە ئێران تێیدا بەشدار بێت، پێش ئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان ئاسایی بکرێنەوە؛ هەرچەندە رێز لە هەوڵەکانی عومان دەگرێت بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان.
بەحرەین روونی کردووەتەوە، گفتوگۆکردن بە مانای چاوپۆشیکردن لە راستییەکان نایەت، چونکە وڵاتەکەی رووبەڕووی چەندین پەلامار بووەتەوە بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکانی، لە نێویاندا بەئامانجگرتنی کۆگایەکی گازی ئامۆنیا کە خەریک بوو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی لێ بکەوێتەوە. هەروەها لێدان لە هێڵی بۆریی نەوتی سعوودیە لە رۆژی هەینیدا ئەوە دەسەلمێنێت کە هێرشکردنە سەر کەرتی ئابووری و مەدەنی مەترسییەکی بەردەوامە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئاسایش و سەقامگیری بە بێدەنگبوون لە ئاست هێرشەکان بەدەست نایەت، بەڵکو ئاشتی لەسەر چوار بنەمای سەرەکی رادەوەستێت ئەوانیش: راگرتنی سەرجەم هێرشەکان، دەستنیشانکردنی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانەکان، رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەکارنەهێنانی خاکی هیچ دەوڵەتێک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی و یەکلاکردنەوەی پرسە ناکۆکەکان لە رێگەی یاساییەوە.
سەبارەت بە دۆخی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، بەحرەین دووپاتی کردەوە، پێویستە هەر رێککەوتنێک پشت بە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (ساڵی 1982) ببەستێت و لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانییەوە پەسەند بکرێت، تاوەکو مافی تێپەڕبوونی ئازادانەی کەشتییەکان بەبێ جیاکاری، باج و مۆڵەت مسۆگەر بێت، هەروەها سەرجەم وڵاتانی کەنداو بەشدار بن تێیدا.
بەحرەین، وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی کردەوە، دەرگای ئاشتی داناخات، بەڵام سازش لەسەر مافە رەواکانی ناکات، چونکە "ئاشتییەک لەسەر بنەمای دادپەروەری دانەمەزرابێت، ئاگربەستێکی کاتییە و بەرەو کۆتایی دەڕوات".