ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە رووداوەکانی زیندانی کۆبانێ بڵاوکردەوە
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناو زیندانی کۆبانێ، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بەهۆی دووکەڵ و سووتانەوە بریندار بوون، هاوکات روونی کردەوە کە بەڕێوەبردنی زیندانەکە هێشتا بە فەرمی رادەستی حکوومەت نەکراوە.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەلەب، دوای ئەو رووداوانەی رۆژانی پێشتر شار کۆبانێ بەخۆیەوە بینی، ئاگر لە لە چەند هۆڵ و ژووری خەوتن لە زیندانەکە بەربوو. تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت زیندانی، هاوکات دەیان کەسی دیکەش بەهۆی دووکەڵی چڕەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون یان بەشێکی جەستەیان سووتا و بریندار بوون.
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە، بە مەبەستی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک کە دەستی لە دروستکردنی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەدا هەبووبێت.
ئاسایشی ناوخۆ روونی کردووەتەوە، بەڕێوەبردنی زیندانی کۆبانێ هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی لایەنە حکوومییەکان نەکراوە؛ چونکە پڕۆسەی وەرگرتن و رادەستکردنی زیندانەکە پێویستی بە رێکارێکی یاسایی و دادوەری هەیە لە چوارچێوەی پلانی ئاوێتەکردندا، و هێشتا دۆسیەکە لە چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاری دادوەریدا بووە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پێش تەواوبوونی پڕۆسەی رادەستکردنەکە، ئەم رووداوە ڕووبدات.
لە راگەیەندراوەکە، ئاماژە بەوە دراوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن و لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی بە فەرمی رادەگەیەنن.