هەڵسوڕێنەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کارە لەپێشینەکانی ئاشکرا کرد
ستیڤن فەیگن، دەستبەکاربوونی خۆی وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا راگەیاند، و ئاشکرای کرد کە لەم ئەرکە نوێیەدا کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، پشتیوانیکردن لە سەروەریی خاکی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەکات.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ بەغدا دەربڕی و گوتی: عێراق بۆ من تەنیا ئەرکێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو شوێنێکە کە پەیوەندییەکی قووڵ و بەردەوامم تێیدا بونیات ناوە.
فەیگن پێشینەی کارکردنی خۆی لە عێراق وەبیرهێنایەوە، لەوانە کارکردنی وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی لە بەغدا، و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە لە ساڵی رابردوودا؛ هاوکات رێزی زۆری بۆ میواندۆستی، گەرموگوڕی و خۆڕاگریی گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەبارەت بە کارە لەپێشینەکانی لە پۆستە نوێیەکەیدا، ستیڤن فەیگن رایگەیاند، سەرنجی سەرەکی لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان بە جۆرێک کە سوود بە هاووڵاتییانی عێراق و ئەمریکا بگەیەنێت، پشتیوانیکردن لە سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێت.