دادگای سلێمانی وادەی نوێ بۆ دادبینی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دیاری دەکات
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، جارێکی دیکە سەردانی دادگای تاوانەکانی 2ـی سلێمانی دەکەن بەمەبەستی دیاریکردنی وادەی دانیشتنی داهاتووی دادبینی، تا ئەو کاتەی گوتەی ئەو کەسانە وەردەگیرێت کە هێشتا گوتەکانیان وەرنەگیراوە.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت پرۆسەی دادگاییەکە درێژەی هەبێت. دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی ئەمڕۆیان بۆ دیاریکردنی دانیشتنی نوێی دادبینی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزارە.
پێنجشەممەی رابردوو، پێنجەم دانیشتنی دادگاییەکە بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەکانی تیمی پارێزەران، 12 کەس بە تۆمەتی ماددەی 56 دادگایی دەکرێن، کە لە دانیشتنی چوارەمدا گوتەی 9 کەسیان وەرگیرابوو و لە دانیشتنی پێشووشدا گوتەی تۆمەتبارێکی دیکەیان وەرگرت.
دانا تەقیەدین روونیکردەوە، لە دانیشتنی پێشوودا دادوەر گوتەی لە ژمارەیەک دەستگیرکراو وەرگرتەوە، چونکە گوتەکانیان لەگەڵ دانیشتنی چوارەم جیاوازی هەبووە. بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگی رەخنەیان لەم رێکارانە گرت و ئەو گۆڕانکارییانەیان بە سیناریۆ ناوبرد، چونکە ئەو دەستگیرکراوانە ئاماژەیان بەوە کردووە گوتەکانی پێشوویان لە ئاسایش لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە و بەو هۆیەوە لە دانیشتنی دادگادا قسەکانیان گۆڕیوە.
ئێستا تەنیا سێ کەس ماون گوتەیان لێ وەربگیرێت، کە بریتین لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی. پێشبینی دەکرێت ئەگەر دادگا ئەمڕۆ وادەی دانیشتنی داهاتوو دیاری بکات، گوتە لەم سێ کەسە وەربگیرێت، ئەم پرۆسەیەش رەنگە چەند دانیشتنێکی دیکەی پێویست بێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.