سنە.. شانۆگەری 'بەساڵاچوویی' نمایش دەکرێت

شانۆگەری "بەساڵاچوویی"، لە نووسینی باقر سروش و دەرهێنانی ئەفشین خدرییە، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆمەڵگەی فەجر نمایش دەکرێت.

ئەفشین خدری، دەرهێنەری نمایشەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆگەرییەکە لە دەرهێنانی منە و هەریە کە لە، کەیوان ئازەرەخش لە رۆڵی شالیر، فەرید سەعیدی لە رۆڵی گاڵتەچی، راشد ساعەدپەنا لە رۆڵی ئێدماند، ئازین حاجی میرزایی لە رۆڵی ریگان، دونیا کەرەم وەیسە لە رۆڵی گانریێل و دۆرسا چەتانی لە رۆڵی کۆردیلیا، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن."
 
ئەفشین سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "ئەم نمایشە بە شێوازێکی نوێگەری لە شانۆی شالیری ویلیام شێکسپیر وەرگیراوە، بەڵام من وەک دەرهێنەری نمایشەکە و نووسەر هەوڵم داوە چیرۆکەکە لە چوارچێوەی رووداوە ناسراوەکانی راستەقینەی شێکسپیر دەربهێنین و شێوازێکی  جیاواز و نوێ بۆ کەسایەتییەکان دروست بکەین."

ئەفشین خدری جەختی لەوەش کردەوە، "لە شانۆگەری "بەساڵاچوویی"دا، شالیر وەک ئەو کەسایەتییەی لە شێوازی شێکسپیر ناسراوە، پیاوێکی خۆبەزلزان و لووتبەرز نییە، بەڵکو کەسایەتییەکەی بە شێوەیەکی جیاواز پێشکەش دەکرێت. لە رووداوەکانی نمایشەکەدا، شالیر بە دەستی کچە شێتەکان و شاربەدەران کوێر دەکرێت و رووداوەکان بە ئاراستەیەکی جیاواز باس لە چیرۆکی راستەقینە دەکەن." 

سەبارەت بە جیاوازییە سەرەکییەکانی نمایشەکە، ئەفشین خدری دەڵێت، "یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نمایشەکە کەسایەتیی گاڵتەچییە؛ ئەو کەسایەتییەی لە نمایشەکەدا لە گاڵتەچییەکی تەنیا و پێکەنیناوی دەگۆڕێت بۆ کەسێکی دڵسۆز و وەفادار. لە کۆتایی نمایشەکەدا، گاڵتەچی بە دەستی کۆردیلیا، کچی بچووکی لیر، دەکوژرێت و لیر کە ناتوانێت بەرگەی ئەو خەمە بگرێت، کۆردیلیا لەناو دەبات و دواتر خۆی دەکوژێت."

شانۆگەری "بەساڵاچوویی"، لە نووسینی باقر سروش و  دەرهێنانی ئەفشین خدرییە، بڕیارە 17ی ئەیلوولی 2026، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆمەڵگەی فەجر نمایش بکرێت و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.