بێگەرد تاڵەبانی: لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر 11 خاڵ گفتوگۆمان کردووە

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەسەر 11 خاڵ گفتوگۆیان کردووە کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادان بۆ بڕینەوەی ئاستەنگەکان، هەروەها جەختی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش کردەوە.

رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی تێر و تەسەلمان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و شاندی یاوەری کرد و لەسەر 11 خاڵ بەیەکەوە گفتوگۆی تایبەتمان کردووە. هەر 11 خاڵەکە لە بەرژەوەندیی هەردوو وەزارەتن بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەسەر دۆسیە هاوبەشەکان بە تەواوەتی کۆتاییان پێبهێنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەیەکی هاوبەشیان لەسەر ئاستی باڵا پێکهێناوە و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە کاتییەکان کردووەتەوە، تاوەکو تەنانەت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش بێت بتوانن ئاستەنگییەکان تێبپەڕێنن.

وەزیری کشتوکاڵ جەختیشی کردەوە، عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەک سەلەی خۆراکیی هەیە و تەواوکەری بازاڕی یەکترین. پێویستە مافی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەکو یەک بپارێزرێت و لەسەر رۆژژمێرێکی کشتوکاڵی یەکگرتوو بڕیاری کۆتایی بدەن و پابەند بن پێوەی. لە هەمان کاتدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، جووڵەی بەرهەمەکان لەنێوان هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئاسانکاری لە پێدانی مۆڵەتی تەندروستی، هەناردەکردن و هەماهەنگی لە مەشق و راهێنانی تیمەکاندا کراوە.

دیاریکردنی پشکی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند، ئیرادەیەکی جدی لەلایەن وەزیری کشتوکاڵی عێراقەوە هەیە بۆ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی ئاینده‌یی.

روونیشی کردەوە، لیژنەیەک لە عێراق بە سەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵی عێراق ساڵانە کۆدەبێتەوە، و داوایان کردووە لە مانگی 10 یاخود لە سەرەتای مانگی 11 ئەم لیژنەیە بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بە جۆرێک وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بكرێت.