پزیشکیان: دەمانەوێت داهاتووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیمارات پێکەوە بنیات بنێین

مەسعود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران رایگەیاند، هەردوو وڵاتی ئێران و ئیمارات دەیانەوێت "لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتبووە نزمترین ئاست.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ خالید بن محەممەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی کۆمەڵەی بریکس لە هیندستان، رایگەیاند "لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەمان ئەنجام دا."

سەرکۆماری ئێران گوتیشی "ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی لاپەڕەی ڕابردوو دابخەین، بڕوانینە ئاسۆی داهاتوو و پێکەوە بنیاتی بنێین."

پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەبووزەبی بە شێوەیەکی بەرچاو گرژییان بەخۆوە بینیبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتدا بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆیەوە ئێران لە بەرامبەردا وەڵامی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە دایەوە و ئیماراتیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کاریگەرییەکانی ئەو وەڵامدانەوەیەی بەرکەوت.

ئاڵۆزییەکان زیاتر پەرەیان سەند، دوای ئەوەی تاران ئیماراتی بە بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران تۆمەتبار کرد، هاوکات ململانێکان بوونە هۆی پەککەوتنی ژێرخانی وزە و ئاستەنگ لە گواستنەوەی کاروانەکانی نەوت لە سەرانسەری کەنداو و گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێڕەوەکانی ترانزێتی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت.

لە مانگی ئابی رابردووشدا، ئیمارات رایگەیاند، مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ ئێراندا رادەگرێت، بەڵام سەرەڕای گرژییەکان، شاری دوبەی وەک ماڵی کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێرانییەکان و پردێکی گرنگی بازرگانی و ئابووری بۆ ئێران ماوەتەوە، کە تاران تێیدا لە ژێر گوشاری سزاکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سوودی لێ دەبینێت.