سەرۆک بارزانی: پەرلەمانتارەکانمان راسپاردووە بێ جیاوازی خزمەتی عێراق و کوردستان بکەن
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی و ریشسپی و سەرۆک تیرە و هۆزی پارێزگاکانی عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەپیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی و ریشسپی و سەرۆک تیرە و هۆزی پارێزگاکانی عێراق کرد.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا شاندی میوان بە مەبەستی پێشکەشکردنی سەرەخۆشی سەردانی سەرۆک بارزانیان کردبوو، پرسە و هاوخەمی خۆیان بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی بۆ کۆچی دوای خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
هەروەها لە دیدارەکەدا شاندی میوان رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان بەگشتی و کورد و عەرەب بە تایبەتیان بەرز نرخاند. بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندی مێژوویی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب کرا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە نابێت ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ببنە هۆی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب.
بەگوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، پەرلەمانتارەکانمان راسپاردووە کە لە ئەرک و کارەکانیاندا کار بۆ تەواوی عێراق و کوردستان بێ جیاوازی بکەن و جەختیشی لە بەردەوامی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی برایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەی عەرەب و کورد کردەوە.