دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی سوید لەسەر سێ ئاستی جیاواز بەرێوەدەچێت
دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی سوید دەستی پێکرد کە لەسەر سێ ئاستی سەرەکی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت، و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە نێوان 100 بۆ 150 کاندیدی کورد لە هەرسێک بەشەکەدا کێبڕکێ دەکەن کە زۆربەیان لە ریزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتدان؛ هاوکات هەڵبژاردنەکە ململانێیەکی زۆر مێژوویی و چارەنووسساز لە نێوان بەرەی راستڕەوی دەسەڵاتدار و بەرەی چەپڕەوی ئۆپۆزیسیۆندا بەخۆیەوە دەبینێت.
پرۆسەی دەنگدان لە سوید بە شێوەیەکە کە هاووڵاتییان لە یەک کاتدا دەنگ بۆ سێ ئاستی جیاواز دەدەن، کە بریتین لە: پەرلەمانی گشتیی وڵات (ریکسداگ)، ئەنجوومەنی هەرێمەکان کە تایبەتە بە خزمەتگوزاری و کەرتی تەندروستی، لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانییەکان. لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریی رەوەندی کوردی زۆر بەرچاوە و لەنێوان 100 بۆ 150 کاندیدی کورد لە سەرجەم ئەو سێ بەشەدا کاندیدن، نەک تەنیا بۆ پەرلەمان.
زۆرینەی کاندیدانی کورد لە ناو لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتدان. لەسەر ئاستی پەرلەمانی گشتی، هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد کاندیدن، بەڵام دوو کاندیدیان چانسی دەرچوونیان مسۆگەرە و %100 ، ئەوانیش، لاوێن رەدار، کاندیدی ژمارە 2ی سەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ پەرلەمان و قادر کەسیرگە، کاندیدی ژمارە 5ی سەر هەمان لیستی پارتەکەیە.
هەردوو کاندیدەکە پێشتریش بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەندامی پەرلەمانی سوید بوون. بەپێی یاسای ناوخۆیی و رێکاری پارتەکان لە سوید، لەبەر ئەوەی ئەم دوو کاندیدە کوردە دەنگ و پێگەی جەماوەرییان مسۆگەرە، لە پێشەوە و سەرەوەی لیستەکەدا دانراون، بەمەش چانسی سەرکەوتن و گەیشتنەوەیان بە پەرلەمان زۆر بەرزە.
ئەم هەڵبژاردنە لە بارودۆخێکی سیاسیی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت؛ راپرسییەکان دەریانخستووە کە جیاوازیی نێوان هەردوو بەرەی راست و چەپ تەنیا 0.3 خاڵە، کە ئەمەش کێبڕکێیەکی یەکجار نزیک و توند نیشان دەدات:
بەرەی راستڕەو (پارتەکانی تیدۆ)؛ لە پارتەکانی میانڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیرانی ئێستا، مەسیحی دیموکرات و لیبراڵەکان پێکهاتووە، بە پاڵپشتیی پارتی دژە کۆچبەری "دیموکراتەکانی سوید" (SD) بە سەرۆکایەتیی جیمی ئاکیسۆن. پارتی (SD) کە دروشمی "سوید بکەنەوە بە سوید"ی لە هاوشێوەی دروشمەکەی ترەمپ بەرزکردووەتەوە، لە ئەگەری بردنەوەی ئەم بەرەیەدا بۆ یەکەمجار پۆستی سەرەکیی وەزاری لە حکوومەتدا پێدەدرێت.
بەرەی چەپڕەوی ئۆپۆزیسیۆن؛ بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکانە و هاوپەیمانە لەگەڵ پارتەکانی ناوەند، سەوزەکان، و پارتی چەپ بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی دەسەڵات لە سوید.
بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 8ی بەیانی بە کاتی سوید کراونەتەوە، و پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی، 3.6 ملیۆن کەس بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختەدا کردووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە.
بڕیارە لە کاتژمێر 8ی ئێوارە یەکەم ئەنجامی راپرسیی دەنگدەران لە بەردەم بنکەکان (Exit Poll) بڵاوبکرێتەوە، و ئەنجامە بەراییەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش لە کاتژمێر 10:30ی شەو بە کاتی ئەورووپا 11:30 بە کاتی هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێن، تاوەکو بە تەواوی روون بێتەوە کاندیدە کوردەکان و پارتەکان چەند کورسی بەدەستدەهێنن؛ هەرچەندە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نوێی حکوومەت چەندین هەفتە یان مانگ بخایەنێت.
بۆچوونی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە دەوری چوار تەوەرەی سەرەکی دەسوڕێتەوە: چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، چەسپاندنی یاسا و کەمکردنەوەی تاوان، پرسی کۆچبەران، لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی ژیانی رۆژانەی خێزانەکان.
هەڵبژاردنی گشتیی سوید بە ژمارە
لە هەڵبژاردنی گشتی سوید زیاتر لە هەشت ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی پەرلەمان و دەسەڵاتی چوار ساڵی داهاتووی وڵات؛ هاوکات سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی زۆربەی پارتە سەرەکییەکان ژنن، بەڵام رێژەی بەشداریی ئافرەتان لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە خولی پێشوو دابەزیوە.
جوگرافیا و دانیشتووانی سوید
سوید دەکەوێتە باکووری ئەوروپا و بەسەر 21 هەرێم و 290 شارەوانیدا دابەش بووە. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە دەگاتە 10 ملیۆن و 610 هەزار و 400 کەس، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە پێنج ملیۆن پیاو و زیاتر لە پێنج ملیۆن ئافرەت.
دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا لە رێگەی 6,312 بنکەی دەنگدانەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ژمارەکان بەمشێوەیەن:
8 ملیۆن و 628 هەزار و 119 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
483 هەزار و 182 کەس بۆ یەکەمین جار لە ژیانیاندا دەنگ دەدەن.
226 هەزار و 906 کەس لە دەرەوەی خاکی سوید دەنگەکانیان دەدەن.
پەرلەمان و کێبڕکێی پارتەکان
پەرلەمانی سوید (ریکسداگ) لە 349 کورسی پێکدێت و مەرجە هەر پارتێک لانی کەم 4%ی کۆی دەنگەکان بەدەستبهێنێت تاوەکو بچێتە پەرلەمانەوە. لە نێوان 265 پارتی سیاسیی تۆمارکراو، تەنیا 31 پارت بە فەرمی کاندیدیان بەربژێر کردووە و بە گشتی 54 هەزار و 212 کەس لەسەر ئاستی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان کاندیدن.
لە خولی پێشووی پەرلەماندا، هەشت پارتی سەرەکی ئامادە بوون سۆسیال دیموکراتەکان، دیموکراتەکانی سوید، مۆدراتەکان، چەپەکان، پارتی ناوەند، مەسیحی دیموکراتەکان، پارتی ژینگە/سەوزەکان، و لیبراڵەکان.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا هاوپەیمانێتیی پارتەکانی مۆدرات، مەسیحی دیموکرات و لیبراڵەکان بە پاڵپشتیی پارتی دیموکراتەکانی سوید دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە.
پێگەی ژنان لە کایەی سیاسی و پەرلەماندا
سوید لە ساڵی 1919دا بە فەرمی مافی دەنگدانی بەخشییە ژنان و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1921دا پێنج ژن چوونە ناو پەرلەمانی وڵاتەکە، هەروەها لە ساڵی 1985دا بۆ یەکەمین جار ژنێک بووە سەرۆکی پارتێکی سویدی کارین سۆدێر لە پارتی ناوەند/سەنتەر. ئێستاش لە کۆی هەشت پارتی سەرەکی، سەرۆکی شەش پارت لە رەگەزی مێن.
سەرەڕای ئەوەش، بەشداریی ژنان لەم خولەی هەڵبژاردندا بەراورد بە ساڵی 2022 کەمی کردووە؛ لە کاتێکدا لە خولی رابردوودا 46.7%ـی پەرلەمانتاران ژن بوون 163 کورسی، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی کاندیدانی ژن لە ناو پارتەکان بە تێکڕا بۆ 42.4% دابەزیوە، بەم شێوەیە:
پارتی چەپ: 53.6%
پارتی ژینگە (سەوزەکان): 52.1%
سۆسیال دیموکراتەکان: 49.1%
پارتی ناوەند: 47.4%
پارتی لیبراڵ: 45.9%
پارتی مۆدرات: 40.6%
پارتی دیموکراتەکانی سوید: 29.4%
ئەم دابەزینەی رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە ناو لیستەکانی کاندیدبوون، بووەتە جێگەی رەخنە و نیگەرانیی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا.